دیمانه‌یه‌ك له گه‌ڵ ئه‌مین گه‌ردیگلانی
دیمانه‌یه‌ك له گه‌ڵ ئه‌مین گه‌ردیگلانی
ئاماده كردنی: جه‌ماڵ نه‌جاڕی (بۆكان)
بۆ یه‌كه‌م پرسیار تكایه بفه‌رموون شیعری ئه‌مڕۆ چ شیعرێكه و ئێوه شیعری ئه‌مڕۆ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
شیعر زمانی سه‌رده‌می خۆیه‌تی، هاواری زه‌وی و دار و گیا و به‌رد و شاخ و مرۆڤ و ته‌واوی بێ گیان و گیان له‌به‌رانه له ده‌ست جه‌بری زه‌مان.
شیعری ئه‌مڕۆ ئه‌و شیعره زه‌لیل و قوڕبه‌سه‌ر و كه‌له‌لایه نییه بكڕووزێته‌وه و فرمێسك هه‌ڵوه‌رێنێ و سوجده و كڕنۆش بۆ چاو و برۆ و خه‌ت و خاڵان به‌رێ و بڵیندگۆیه‌ك بێ بۆ ده‌ربڕینی زه‌لاله‌ت و بێ ده‌سه‌ڵاتی و له گیانه‌ڵڵادا بوونی شاعیره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی به‌زه‌یی‌یان پێیدا بێ و لایه‌كی لێ بكه‌نه‌وه و ئاخێكی بۆ هه‌ڵكێشن و له گه‌ڵی بگرین. شیعری ئه‌مڕۆ برووسكه‌یه، ئاوێنه‌ی ڕاستییه‌كانی ژیانه، ده‌نگدانه‌وه و زایه‌ڵه‌ی ڕووخان و شكانی مرۆڤی سه‌رده‌مه، سه‌مای ئاواته‌كانیانه، سه‌مای برین و خوێن و ئاره‌ق و شادی و خه‌مه‌كانیانه. سه‌مای كاته، ڕه‌شبه‌ڵه‌كی وشه گه‌لێكی زیندووه، شیعری ئه‌مڕۆ ده‌سته‌ملانی هه‌موو وشه‌یه‌ك ده‌بێ و سنوور بۆ زمان دانانێ، وشه‌ی جوان و وشه‌ی ناحه‌ز له شیعری ئه‌مڕۆدا وه‌كوو یه‌ك وان و هه‌موو وشه‌یه‌ك ده‌توانێ ڕیساله‌تی خۆی له دنیای ماناكانی خۆیدا ئاوێته‌ی ڕۆحی شیعر بكات و هه‌ست به بوونی خۆی بكا.
من لایه‌نگری په‌یام و وێنه‌م له شیعردا و ده‌قی بێ په‌یام به كۆمه‌ڵێ وشه‌ی مردوو ده‌زانم. هه‌رگیز ئه‌و شیعاره پووچه‌ڵه‌ی ( مانا له بێ مانایی دایه) به لامه‌وه په‌سند نیه و پێشم وایه بێژه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵه واژانه‌ش غه‌یری خۆ فریودان و كاغه‌ز و قه‌ڵه‌م خه‌سار كردن و سیمای شیعر ڕووشاندن و خۆ به شیعردا هه‌ڵواسین هیچ ئه‌ركێكی دیكه‌یان نیه.
به ڕای ئێوه شیعری ئه‌مڕۆی كورد له چ ئاستێك دایه؟
من چونكه به داخه‌وه ته‌نیا زمانی فارسی ده‌زانم و تێیده‌گه‌م شیعری فارسی و ئه‌و شیعرانه‌ی ده‌كرێنه فارسی و كوردی ده‌خوێنمه‌وه و به‌و پێوانه‌یه شیعری كوردی له پله‌یه‌كی به‌رزدا ده‌بینم و پێم وایه له چاو ساوا بوونی هه‌نگاوی زۆر گه‌وره‌ی هه‌ڵێناوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ل و ده‌رفه‌تی بڵاو بوونه‌وه و وه‌رگێڕانی بۆ سه‌ر زمانه‌كانی دیكه‌ی دنیاشی بۆ بڕه‌خسابایه، ده‌ماندی شیعرمان له ئاستی ئه‌ده‌بیاتی جیهانی دایه و به‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌یه‌وه شان له شانی شیعری ئه‌مڕۆی فارس ده‌دا و سه‌رێكه له نێو سه‌راندا.
شیعر ده‌بێ چ قۆناغ گه‌لێك تێپه‌ڕ كات، بۆوه‌ی شیعرێكی ئه‌مڕۆیی بێت؟
شیعر ده‌بێ لێدانی نه‌بزی ئه‌مڕۆ بێ. جا به بڕوای من قاڵب گرینگ نیه و قاڵب ده‌قێك له ناشیعر بوونه‌وه ناكاته شیعر و به پێچه‌وانه‌ش. ئه‌وه ڕۆحی له خه‌یاڵدا كوڵاوی شاعیره ده‌قێك ده‌خوڵقێنێ و خولیایه‌كه كه له نه‌ستی شاعیردا مه‌ییوه و له پڕدا كفاره ده‌كات. شاعیری ئه‌مڕۆیی به‌ر له نووسینی شیعره‌كه‌ی قه‌ت بیر له‌وه ناكاته‌وه چی ده‌نووسێ. شیعری چاك ئه‌و شیعره‌یه كه ده‌ستی شاعیره‌كه‌ی ده‌گرێ و به دوای خۆیدا ڕایده‌كێشێ. تێپه‌ڕكردنی قۆناخی شیعری به لای منه‌وه مانای نیه. چونكه شیعرێك شیعر بێ و له قوڵپی هه‌ناوی سه‌رده‌مه‌وه هه‌ڵقوڵیبێ و ڕیساله‌تی شیعرانه‌ی خۆی له سه‌ر شان بێ له هه‌ر قاڵبێكدا بێ هه‌ر شیعره. شیعری ئه‌مڕۆ ئیجازه. دنیای ئه‌مڕۆ دنیای قسه و قسه‌ڵۆك و شێر و ڕێوی هێنانه‌وه نیه. شیعری ئه‌مڕۆ به كه‌مترین وشه ده‌بێ ئه‌رك و په‌یامی خۆی ڕاگه‌یێنێ. شیعری ئه‌مڕۆ پارووی مانا به ده‌می كه‌سه‌وه ناكات. شیعری ئه‌مڕۆ ته‌واوی پرسیار و ئاماژه‌یه. ده‌رمانی هیچ ده‌ردێك له شیعری ئه‌مڕۆدا نادۆزرێته‌وه و وه‌ڵامی هیچ پرسیارێكیش. شیعری ئه‌مڕۆ ئاوێنه به‌ندانه، ئاوێنه‌یه‌كی فره ڕه‌هه‌ند. ئاوێنه‌یه‌ك كه جوانی وه‌ك خۆی و ناحه‌زی وه‌ك خۆی، زوڵم وه‌ك خۆی و عه‌داڵه‌ت وه‌ك خۆی نیشان ده‌دا. مرۆڤ و خه‌مه‌كانی مرۆڤ و خولیا و ئاواته‌كانی و . . . وه‌ك خۆیان نیشان ده‌دا. كه وا بوو تێپه‌ڕ كردنی قۆناغ و گۆڕانی قاڵب و ڕووكار، شیعری ئه‌مڕۆیی به‌دی ناهێنێ. هه‌ر شیعرێ شیعری زه‌مان بوو زیندووه و شیعری ئه‌مڕۆیه.
ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی له تاپۆی وه‌رزێكی سه‌وزدا به ده‌ست هاتن، چۆن شی ده‌كه‌نه‌وه؟ به ڕای ئێوه ئه‌م كتێبه تا چ ڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ شیعری ئه‌مڕۆدا هه‌یه؟
تاپۆی وه‌رزێكی سه‌وز ته‌قینه‌وه‌ی سه‌ره‌تای شیعر نووسینمه و ڕه‌نگه داگری شیعری لاواز و كورته باڵاش بێ. به‌ڵام به‌ش به حاڵی خۆم و زۆر كه‌سیش له خاوه‌ن ڕایان هه‌نگاوێكی پته‌وه و له دنیای شیعردا هه‌ناسه ده‌كێشێ. نكووڵی له‌وه‌ش ناكرێ كه شیعری ته‌مه‌ن كورتی تێدایه و هێندێك لاسایی و درێژدادڕی و خۆ به شیعردا هه‌ڵواسین و كڕووزانه‌وه‌ی لاوانه‌ی تێدا ده‌بیندرێ. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه بوو كه ڕچه‌ی بۆ كتێبی شه‌وه‌ژانی ئه‌ستێره‌یه‌ك شكاند و مه‌رگه‌خه‌ون درێژه به ڕێگاكه ده‌دا.
ئێوه خۆتان دوو قۆناغی كلاسیك و نوێتان له شیعردا ته‌جره‌به كردووه. هه‌روه‌ك ئاگادارن هێندێك شێوازی تر له ناو شیعری ئه‌مڕۆدا هاتوونه ئارا، وه‌ك شیعری سپی و شه‌پۆلی نوێ و . . . كه له ناو كۆمه‌ڵگادا به تایبه‌ت لاوان جێی كردۆته‌وه، ڕای ئێوه چیه و چۆنی هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
هه‌ر وه‌ك عه‌رزم كردن شیعر ده‌بێ شیعر بێ و جه‌وهه‌ر و ڕۆحی شیعری تێدابێ، فۆڕم و تێكدانی زمان و قه‌واره شیعری ئه‌مڕۆ دروست ناكا. ده‌مه‌وێ له نووسه‌ری ئه‌و قسه بێ سه‌ره‌وبه‌رانه بپرسم ئه‌وه‌ی ده‌ینووسن خۆشتان نازانن چیه، بۆ ناوی شیعری لێ ده‌نێن؟ ئێوه كه توانیوتانه ئه‌و مه‌رزه بپه‌ڕێنن و به قه‌ولی خۆتان شۆڕشی زمان و شیعریتان هه‌ڵگیرساندووه بۆ ئه‌و تواناییه‌تان نیه بۆ ئه‌و نووسراوانه ناوێكی نوێ بدۆزنه‌وه و لا له شیعری بێچاره لاده‌ن؟
تا چاپی كتێبی دووهه‌متان چوار ساڵی خایاند. تكایه بفه‌رموون جیاوازی شه‌وه‌ژانی ئه‌ستێره‌یه‌ك له گه‌ڵ تاپۆی وه‌رزێكی سه‌وز له چ دایه و تا چ ڕاده‌یه‌ك شه‌وه‌ژانی ئه‌ستێره‌یه‌ك توانیویه‌تی خۆی له شیعری ئه‌مڕۆی كورد نیزیك كاته‌وه؟
ڕه‌نگه دژوار بێ پیاو شیعری خۆی هه‌ڵبسه‌نگێنێ. بۆیه پێم خۆش بوو خاوه‌ن ڕایان ئه‌و كاره بكه‌ن. به‌ڵام به داخه‌وه ڕه‌خنه‌گره‌كانمان به‌و بێ ده‌نگ بوون و ئاوڕ نه‌دانه‌وه‌یه له كتێبه‌كان بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ی زۆری و بۆریی كتێب زۆر بێت. كاتێ تاپۆی وه‌رزێكی سه‌وزم بڵاو كرده‌وه له گه‌ڵ پێشوازییه‌كی زۆر گه‌رم به‌ره‌و ڕوو بوو. جا نازانم هۆی وه‌رگرتنی ئه‌و كتێبه و پێشوازی لێكردنه‌كه‌ی چی بوو؟! ئایا ساده بوونی بوو؟ عاشقانه و لاوانه بوونی بوو؟ یان هۆی ئه‌وه بوو تیشكی غه‌زه‌لی نوێ و ئه‌مڕۆیی تێدا به‌دی ده‌كرا؟ به قه‌ولی به‌ڕێزێك كه وتارێكی له سه‌ر ئه‌و كتێبه نووسیبوو كه سه‌ردێڕی وتاره‌كه‌ی ئه‌م ڕسته‌یه بوو: (تاپۆی وه‌رزێكی سه‌وز، پێشه‌نگی غه‌زه‌لی نوێ). به‌ڵام كاتێ شه‌وه‌ژانی ئه‌ستێره‌یه‌ك بڵاو بۆوه ئه‌و پێشوازییه‌ی لێ نه‌كرا. ئه‌گه‌رچی به ڕای خۆم و كه‌سانی دیكه‌ش شیعره‌كانی شه‌وه‌ژانی ئه‌ستێره‌یه‌ك له شیعری تاپۆی وه‌رزێكی سه‌وز ئه‌مڕۆییترن. تا ئێستا زۆر كه‌سیش ـ خوێنه‌ری ئاسایی ـ ڕایان وابووه كه شیعره‌كانی شه‌وه‌ژانی ئه‌ستێره‌یه‌ك قورسن و كه‌س لێی حاڵی نابێ. به‌ڵام پێم وایه حاڵی نه‌بوون و خراپ تێگه‌یشتن له شیعر خه‌تای شاعیره‌كه‌ی نیه. هه‌ر وه‌ك له پێشدا عه‌رزم كردن من هیچ كات لایه‌نگری شیعری بێ مانا نیم و ناشبم. ناشتوانم شیعر بۆ خوێنه‌ره‌كانم هه‌للاجی بكه‌م و پارووی چه‌ور و نه‌رمیان به دمه‌وه بكه‌م. با خۆیان كه‌مووسكه‌یه‌ك خۆیان ماندوو كه‌ن و لێی حاڵی بن. من شیعر ده‌نووسم و پێم وایه كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه بۆ كڕینه‌وه‌ی ئابڕووی شیعری كێش و سه‌روادار ـ هه‌ر شیعرێ وه‌زن و قافیه‌ی بێ به كلاسیكی نازانم ـ هۆنینه‌وه‌ی نه‌زم له شیعر جیا بكرێته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌لامێك كه كێش و سه‌روای بوو شیعر بێ، ده‌بێ گۆرانیبێژه‌كانی شایی گێڕ له سه‌رووی «نالی»ـشه‌وه دانێین و عه‌لی خه‌ندان و سمایل سه‌رده‌شتی گوڵی مه‌جلیس بن !!
كێشه‌ی زمان له شیعری ئه‌مڕۆدا به‌لای ئێوه‌وه چه‌ند گرینگه؟ ئایا بۆ خوڵقانی یه‌ك به‌رهه‌می نوێ واته ئه‌مڕۆیی بوونی به‌رهه‌م تا چه‌نده ده‌بێ كار له زمان بكێشرێ؟
هه‌ر زمانێك له گه‌رووی شیعره‌وه هه‌ناسه نه‌كێشێ زمانێكی وشك و ڕه‌ق و ته‌قه و هیچ كات گه‌شانه‌وه و لق و پۆپ هاویشتن به خۆیه‌وه نابینێ. به‌ڵام شیعر ده‌بێ هه‌ست به‌و ئه‌ركه بكات كه زمان زیندوو ڕابگرێ و بیگه‌شێنێته‌وه.
زمان دره‌ختێكه كه وشه لق و گه‌ڵاكانییه‌تی و شیعر ده‌بێ خۆی بداته به‌ر ته‌واوی سێبه‌ره‌كه‌ی و ئه‌گه‌ر گه‌ڵا و لقه‌خواره‌كانی بقرتێنی داره‌كه نیوه ڕووته‌ڵ ده‌بێ و سێبه‌ره چڕوپڕه‌كه‌ی نامێنێ. كه وا بوو زمان به وشه‌ی ناحه‌ز و جوانه زمانه‌وه و شیعریش نابێ له هیچ وشه‌یه‌ك بپرینگێته‌وه. كاتێ وشه‌یه‌ك به سه‌ر زاری خه‌ڵكه‌وه‌یه و له كاروباری ڕۆژانه و ژیانیاندا ده‌وری هه‌یه، به‌شێ له داری زمانه و ده‌توانێ له شیعریشدا متوربه بكرێت و گه‌شه بكات. هه‌ر شتێك له جێگای خۆیدا بمێنێته‌وه و جووڵه نه‌كات بۆگه‌ن ده‌بێ و هه‌لاهه‌لا. كه وا بوو زمان و شیعر پێكه‌وه تێكڵاوێكی ئه‌به‌دین و به بێ یه‌كتری ناژین.
هێندێ شاعیر هه‌ن به ناوی زمان شكێنی و كار له زمان كێشان به‌ڵایه‌كیان به سه‌ر زمان هێناوه با به ده‌واری شڕی نه‌كردووه. كه به داخه‌وه ئه‌و تاقمه خراپ له تازه‌بوونه‌وه و كار كردن به زمان حاڵین و ئه‌و ڕێگه‌ی گرتوویانه‌ته به‌ر بۆ توركستانه. چونكه زمان به ده‌ستوور و ڕێزمانه‌وه زمانه، ئه‌گه‌ر له‌وه ترازا هیچه و هیچ. هیچیش هیچی پێناكرێ. وشه له گه‌ڵ هه‌موو زمانێك ئاوێته و ئاوه‌كی ده‌بن و تێكهه‌ڵده‌شێلرێن. كه‌م وایه زمانێك بتوانێ تا هه‌تایه ده‌ست به سه‌ر وشه‌یه‌كدا بگرێ و بڵێ مڵكی هه‌تا هه‌تاییمه. وشه باڵداره و له‌وانه‌یه گوێسوانه‌ی هه‌موو زمانێك بكاته هێلانه. كه وا بوو ئه‌وه ڕێزمانه كه ڕازی زیندوو بوونی زمانی له ناخدایه. ئه‌وانه‌ی زمان و ڕێزمان ده‌شكێنن سه‌ر له خه‌ڵك و ڕسته و وشه ده‌شێوێنن. خۆره‌ی زمانن. ده‌بێ به‌ربه‌ره‌كانێیان له گه‌ڵ بكرێ و نه‌هێڵن كانیاوی ڕوون و زوڵاڵی زمان لێڵ و لیخن بكه‌ن. چونكه زمان شكاندن و كایه كردن به زمان ئه‌وه نیه وا ئه‌وان ده‌یكه‌ن. ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن و به هونه‌ری ده‌زانن و به خه‌یاڵ ڕۆشنبیرانه هه‌ڵس و كه‌وتی له گه‌ڵ ده‌كه‌ن ئه‌وه نیه. جله‌وكه‌ڵه‌ی بێستانه ئه‌و كاره‌ی ئه‌وان. خۆزگه شاعیره‌كانمان به‌رپرسانه هه‌نگاویان هه‌ڵێنایه‌ته‌وه. پارێزه‌ری زمانه ده‌سته‌به‌ره‌كه‌مان بوایه‌ن، نه‌ك ڕووخێنه‌ری. زۆربه‌ی لاوه‌كانیش بێ ئه‌زموونانه هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر ئه‌و جۆره نووسراوانه و هیچ ده‌لیل و به‌ڵگه‌یه‌كیان نیه بۆ ئه‌و كاره‌یان. ڕه‌نگه ئه‌و جۆره نووسینه به ئاسان بزانن. به‌ڵام ده‌بێ بزانن خانووبه‌ره‌ی بێ خه‌نده‌ك و بناغه زوو ده‌ڕووخێ. ده‌بێ بزانن ئێمه هێشتا زۆربه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌مان خوێندنه‌وه و نووسینی زمانی كوردی نازانن. ئایا به ده‌رخوارد دانی ئه‌و زمانه شكاو و له‌ق و لۆره چه‌واشه نابن؟! وشه‌ی جۆراوجۆر و وشه‌ی غه‌واره هه‌ر چه‌ند زۆریش بێته نێو زمانه‌وه، زه‌بر له زمان نادا و به‌ڵكوو ده‌وڵه‌مه‌ندیشی ده‌كا. ئه‌وه‌ی خۆره و ئافه‌تی زمانه، له به‌رچاو نه‌گرتنی ڕێزمانی ڕاسته‌قینه و یه‌كگرتووه.
هه‌ر وه‌ك ده‌زانین ئێوه كاری چیرۆك و وه‌رگێڕانیش ده‌كه‌ن. بفه‌رموون چۆن ده‌ڕواننه ئه‌م دوو به‌شه واته چیرۆك و وه‌رگێڕان له ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا؟
ته‌مه‌نی گشتی گیربوونی چیرۆك و ئاوڕ لێدانه‌وه‌ی له لایه‌ن لاوانه‌وه ڕه‌نگه زۆر كه‌م بێ. هه‌ڵبه‌ت من مه‌به‌ستم كوردستانی ئێرانه. چه‌ن ساڵێكه چه‌ن قه‌ڵه‌می جیددی و به‌كار هاتوونه‌ته مه‌یدانه‌وه و. زۆر جوان و ئه‌مڕۆیی ده‌نووسن. هه‌ر بۆیه ئاسۆیه‌كی ڕووناك بۆ چیرۆكی كوردی چاوه‌ڕوان ده‌كرێ و به‌و چه‌ن ئه‌زموونه‌ی ڕابردوو و ئێستاوه ده‌توانم بڵێم كاری زۆر به‌رچاو و سه‌ركه‌وتوانه كراوه و به‌و پێیه ئه‌گه‌ر بڕواته پێشێ و به‌رهه‌مه كوردییه‌كان بكرێنه زمانی دیكه‌ی جیهان و بڵاو بكرێنه‌وه، وه‌ك به‌رهه‌مێكی به نرخی جیهانی ده‌توانین لێیان بڕوانین. شیعر و چیرۆكیشمان له چاو بێ ده‌ره‌تان بوونه‌كه‌ی له شیعر و چیرۆكی هه‌نده‌ران نامێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌ودای بڵاو بوونه‌وه و وه‌رگێڕانی ببوایه له‌وه‌ش گه‌شاوه‌تر ده‌بوو.
وه‌رگێڕانیش چ بۆ سه‌ر زمانی كوردی چ له زمانی كوردییه‌وه بۆ زمانه‌كانی دیكه كارێكی زۆر پێویسته و ئه‌و ئاڵ و گۆڕه بووژێنه‌ره‌وه و گه‌ش و پاراو ڕاگری زمان و ئه‌ده‌بیاته‌كه‌مانه.
وه‌ك نووسه‌رێك كه له گشت به‌شه‌كانی ئه‌ده‌بیاتدا ده‌ستێكی باڵاتان هه‌یه، ڕای ئێوه سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی چیه و كێشه‌كانی نێوان ڕه‌خنه‌ی سوننه‌ت و ڕه‌خنه‌ی مۆدێڕن له چیدا ئه‌بینن؟
له بواری ڕه‌خنه‌دا زۆر كولین و ڕه‌خنه‌گران و ڕاڤه‌كاران به داخه‌وه له ژوماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست كه‌مترن. كه به داخ و كه‌سه‌رێكی زۆره‌وه ـ پێویسته ئه‌و گله‌ییه‌یان لێ بكه‌م ـ تا ئێستا زۆربه‌ی كاره‌كانیان نان به قه‌رزدان و به یه‌كتردا هه‌ڵكوتن و تاقم خوازی بووه. من پێم وایه ڕه‌خنه، ڕه‌خنه‌یه و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانایانه و به‌رپرسانه و دڵسۆزانه‌یه، ئیتر له سوننه‌ت و مۆدێڕن ناگه‌م. ناتوانم له‌وه بگه‌م كه به زۆر و كه‌ڵه‌گایی ده‌قێكی پووچ و بۆش زه‌ق كرێته‌وه و مانای سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی بۆ داتاشرێ و ماناگه‌لێكی بۆ بدۆزنه‌وه كه نووسه‌ره‌كه‌شی به بیریدا نه‌هاتووه. سوننه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌و پێداهه‌ڵگوتن و ماشه‌ڵڵا و چه‌پڵه بۆ لێدانه نه‌بێ كه نووسه‌ره‌كه‌ی به خودای سه‌ر عه‌رز بزانین و ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ بكه‌ینه تاجی سه‌ری، دیسان كارێكی ناشیاوه و ناتوانێ ناوی ڕه‌خنه له سه‌ر خۆی دانێ.
تكایه سه‌باره‌ت به كۆكردنه‌وه‌ی وشه‌كان له سه‌ره‌تای كاره‌وه هه‌تا ئێستا بدوێن و ئاماژه به‌وه بكه‌ن كه ئامانجتان له كۆ گردنه‌وه‌ی ئه‌م وشانه چیه و چۆن بڵاو ده‌بێته‌وه؟
كاتێ فه‌رهه‌نگی هه‌نبانه بۆرینه به‌رگی یه‌كه‌می بڵاو بۆوه وه‌ده‌ستم خست و ده‌ستم گرد به خوێندنه‌وه‌ی. به‌ڵام له هێندێ شوێندا ده‌مدی جێگای بڕێ وشه خاڵییه و له قه‌ڵه‌م كه‌وتوون، هه‌ر بۆیه ئه‌و وشانه‌ی له هه‌نبانه‌بۆرینه‌دا نه‌بوون یادداشتم ده‌كردن. كاتێ به‌رگی دووهه‌میشی هات هه‌ر وا پێیدا چوومه‌وه و وشه‌م یادداشت ده‌كرد. تا ئه‌وه‌ی (سروه) بانگه‌وازێكی بڵاو كرده‌وه كه له نێو گۆڤاره‌كه‌دا ته‌وه‌ره‌یه‌ك بۆ قامووس ته‌رخان ده‌كا و له‌وێدا ئه‌و وشانه بڵاو ده‌كاته‌وه كه له فه‌رهه‌نگی هه‌نبانه بۆرینه‌دا نین. هه‌ر بۆیه منیش ده‌ستم دا قه‌ڵه‌م و چه‌ن سه‌د وشه‌یه‌كم بۆ ناردن و به‌رده‌وامیش له زاری خه‌ڵك و كتێبان وشه‌م ده‌رده‌كێشا و ده‌مخسته سه‌ر خانووچكه‌ی خۆم. تا ئێستا به‌رده‌وام بۆ سروه‌م ناردوون لێیان بڵاو كراوه‌ته‌وه.
تا ئێستا هه‌شت نۆ هه‌زار وشه‌م كۆ كردۆته‌وه كه له هه‌نبانه بۆرینه‌دا نیه و به هیوای خودا هه‌ر واش له سه‌ر ئه‌و كاره‌م به‌رده‌وام ده‌بم و ئه‌و ڕێگایه به‌رناده‌م و وه‌سیه‌تی مامۆستا هه‌ژار به‌ش به حاڵی خۆم به جێ دێنم كه ده‌یفه‌رموو:«تۆش نه‌یژی من خۆم ئه‌یزانم ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌ژارانه‌م كورت و كه‌مه و بۆیه نابێ تێر و پاراو دڵ ئاوی لێ بخواته‌وه؛ له وزه و هێزیدا نییه به‌رسڤی هه‌موو پرسێك بداته‌وه. زوانی كوردی زۆر له‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندتره كه هه‌ژارێكی وه‌كوو من تاك و ته‌نیا و ئاواره له نیشتمان و وه‌ك پێویسته كوردی نه‌زان و ته‌ره له وڵاتی بێگانه، بتوانێ له ده یه‌كێكی كۆ بكاته‌وه. حه‌زم ده‌كرد هه‌موو وشه‌ی هه‌موو شێوه‌كانی كوردیم ده‌سكه‌وتایه و له سه‌ر ڕووپه‌ڕی ئه م نامه‌م ڕابنایه؛ به‌ڵام به حه‌ز و ئاره‌زوو كار پێك نایه. ئه گه‌ر باوه‌ڕم پێده‌كه‌ن من به پێی هێز و توانای خۆم هیچ درێغیم نه‌كردووه . .. ده‌شزانم كه بی‌تاوانم و له‌وه پترم له ده‌س نایه. ناوی وشه‌دانه‌كه‌ی خۆم ناوه «هه‌نبانه بۆرینه» كه له چیرۆكاندا ده‌ڵێن: «هه‌ر چیت بوێ ده‌ستی تێخه دێته چنگت.» جا ئه‌گه‌ر بۆ وشێك گه‌ڕیای و ده‌ستت له ژێر هه‌مانه بۆره‌وه ده‌رچوو، تووڕه مه‌به و تووڕی مه‌ده. هه‌وڵ بده ئه‌وه‌ی كه خۆت تووشی نه‌بووی یان ئه‌وانه‌ی كه ئه‌زانی له‌وێدا نین تۆ له لاوه كۆیان كه‌وه و بیاننووسه‌وه. ئه‌وه خودایه جارێكی تر من یا هه‌ژارێكی دیكه‌ی له من چاتر و زاناتر له چاپه‌كانی دوا ڕۆژدا بیانخاته سه‌ر».
به‌و هیوایه‌ی هه‌موومان قۆڵی لێ هه‌ڵماڵین و له هه‌موو ناوچه و سووچی كوردستانه‌وه هه‌ر وشه‌یه‌كمان زانی له هه‌نبانه بۆرینه‌دا نیه كۆی كه‌ینه‌وه و فه‌رهه‌نگێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و یادگاره‌ی هه‌ژار دانێین و پاڵه‌پشتی قایم و پته‌وی زمانه‌كه‌مان بێ.
له كۆتاییدا بفه‌رموون داهاتووی ئه‌ده‌بیاتی كورد چۆن ده‌بینن؟ ئایا ده‌توانین له داهاتوودا خاوه‌ن ئه‌ده‌بیاتێكی پێشڕه‌و و نوێ بین كه گه‌لانی تر كه‌ڵكی لێوه‌رگرن؟
هه‌روه‌ك له پێشدا ئاماژه‌م پێكرد زۆر گه‌شبینم و داهاتووی ئه‌ده‌به‌كه‌مان ڕووناك و پڕشنگدار ده‌بینم و به‌و ڕه‌وته بڕواته پێش و لاوه‌كان ده‌رۆستانه و دڵسۆزانه هه‌ڵسوكه‌وت له گه‌ڵ زمان و ئه‌ده‌به‌كه‌مان بكه‌ن ده‌توانین خاوه‌نی ئه‌ده‌بیاتێكی جیهانی بین.
نیشانی فەیسبووک